Jeremiah 6

گەمارۆی ئۆرشەلیم

1«ئەی نەوەی بنیامین،
لە ئۆرشەلیم هەڵبێن!
لە تەقۆعە فوو بە کەڕەنادا بکەن!
لەسەر بێت‌هاکارەم ئاگر وەک نیشانە هەڵبکەن!
چونکە بەڵا و شکستێکی گەورە
لە باکوورەوە دەرکەوتووە.
2من سییۆنی کچ
ئۆرشەلیم.‏
لەناو دەبەم،
کچە جوان و نازدارەکە.
3شوانەکان بە مێگەلەکانیانەوە
مەبەستی لە پاشا و لەشکرەکانیانە.‏
بۆ لای ئەو دێن،
ڕەشماڵەکان لە دەوری هەڵدەدەن و
هەرکەسە لە بەشی خۆی دەلەوەڕێنێ.»

4«جەنگێک لە دژی سییۆن ئامادە بکەن!
هەستن بە نیوەڕۆ هێرش ببەین!
بەڵام بە داخەوە، ڕۆژ ئاوا بوو،
سێبەرەکانی ئێوارە درێژبوونەوە.
5کەواتە هەستن بە شەو هێرش ببەین،
قەڵاکانی وێران بکەین!»
6یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«دار ببڕنەوە و
مەتەرێز لە دەوری ئۆرشەلیمەوە دابڕێژن.
دەبێت ئەو شارە سزا بدرێت،
چونکە سەراپای پڕ ستەمە.
7وەک کانییەک ئاوەکەی هەڵبقوڵێت،
ئاوا خراپییەکەی هەڵدەقوڵێت.
توندوتیژی و ڕفاندنی تێدا دەبیسترێت،
هەمیشە لەبەردەمم نەخۆشی و برینداری هەیە.
8ئەی ئۆرشەلیم، ئاگاداربە،
نەوەک پشتم لە تۆ بکەم،
نەوەک بتکەمە خاکێکی وێران،
ئیتر کەسی تێدا نیشتەجێ نەبێ.»
9یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«با پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی بچنرێنەوە،
بە تەواوی وەک ڕەزەمێو،
با دەستت بەسەر لقەکاندا بگێڕیت،
وەک کەسێک ترێ دەچنێتەوە.»

10بۆ کێ قسە بکەم؟ کێ ئاگادار بکەمەوە؟
کێ گوێم لێ دەگرێت؟
ئەوەتا گوێیان داخراوە
بۆ ئەوەی نەتوانن گوێ شل بکەن.
فەرمایشتی یەزدان بۆیان بووە بە ڕیسوایی،
دڵیان پێی خۆش نییە.
11لەبەر ئەوە پڕبووم لە تووڕەیی یەزدان،
بێزاربووم لە دەستپێوەگرتنی.

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم:
«تووڕەییەکەم بەسەر منداڵانی کۆڵاندا هەڵبڕێژە
بەسەر تێکڕای کۆڕی گەنجان،
ژن لەگەڵ مێرد دەبردرێت،
پیر لەگەڵ بەساڵاچووان.
12ماڵەکانیان بۆ خەڵکی دیکە دەبن،
کێڵگە و ژنەکانیان پێکەوە،
چونکە دەستم بۆ سەر دانیشتووانی خاکەکە
درێژ دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13«لە بچووکیان هەتا گەورەیان،
هەموویان پەرۆشی قازانجن،
لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین،
هەموو ساختە دەکەن.
14برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و
دەڵێن:”ئاشتی، ئاشتی!“
بەڵام ئاشتی نییە.
15ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟
نەخێر! شەرمەزار نەبوون،
هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.
لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،
لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
16یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«لەسەر ڕێگاکان بوەستن و تەماشا بکەن،
پرسیاری ڕێچکە کۆنەکان بکەن،
ڕێگا چاکەکە لەکوێیە، پێیدا بڕۆن،
حەسانەوە بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە.
بەڵام گوتتان:”پێیدا ناڕۆین.“
17چاودێرم بەسەرتانەوە دانا، گوتم:
”گوێ بۆ دەنگی کەڕەنا شل بکەن!“
بەڵام گوتتان:”گوێ شل ناکەین.“
18لەبەر ئەوە ئەی نەتەوەکان، گوێ بگرن،
ئەی شایەتەکان، بزانن چییان بەسەردێت.
19ئەی زەوی، گوێ بگرە:
ئەوەتا من بەڵا بەسەر ئەم گەلەدا دەهێنم،
بەروبوومی بیرکردنەوەکانیانە،
چونکە گوێیان بۆ وشەکانم شل نەکرد و
فێرکردنی منیان ڕەتکردەوە.
20بەلامەوە گرنگ نییە، بخوور لە شەباوە بێت و
قامیشی بۆنخۆش لە خاکێکی دوورەوە؟
قوربانی سووتاندنەکانتان قبوڵ نین و
قوربانییە سەربڕدراوەکانتان لەلای من خۆش نین.»
21لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«من کۆسپ بۆ ئەم گەلە دادەنێم،
باوکان و کوڕان پێکەوە ساتمەی لێ دەکەن،
دراوسێ و هاوڕێ لەناودەچن.»
22یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا! سوپایەک لە خاکی باکوورەوە دێت،
نەتەوەیەکی مەزن لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێت.
23کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە،
دڵڕەقن و بەزەییان نییە،
دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و
سواری ئەسپ دەبن،
وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن
بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی سییۆنی کچ.»

24هەواڵی ئەوانمان بیست،
ورەمان ڕووخا،
تووشی تەنگانە بووین،
تووشی ئازار بووین وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
25دەرمەچن بۆ کێڵگە!
بە ڕێگادا مەڕۆن!
چونکە دوژمن شمشێری پێیە،
لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.
26ئەی گەلەکەم، جلوبەرگی گوش بپۆشە،
خۆت لە خۆڵەمێش بگەوزێنە،
شینی تاقانەیەک بۆ خۆت بگێڕە، بە لاوانەوەیەکی تاڵ،
چونکە لەناکاو تێکدەر بەسەرماندا دەدات.

27«ئەی یەرمیا، تۆم لەنێو گەلەکەم دانا،
وەک تاقیکەرەوە و سەنگی مەحەک،
بۆ ئەوەی ڕەفتاریان بزانیت و
تاقییان بکەیتەوە.
28هەموو یاخی و کەللەڕەقن،
بە پەلەن بۆ بوختانکردن،
ئەوان بڕۆنز و ئاسنن،
هەموو تێکدەرن.
29مووشەی دێت مووشەدەمە
ئامرازێکە بۆ فووکردنی هەوا بۆ گەرمکردنی ئاگر بەکاردێت.‏

بۆ ئەوەی بە ئاگر قورقوشم بفەوتێنێت،
بەڵام بێهوودە زێڕنگەر بێگەردی دەکات،
بەدکاران بێگەرد نابن.
30پێیان دەگوترێت زیوی ناپەسەند،
چونکە یەزدان پەسەندی نەکردوون.»
Copyright information for CkbKSS